هونه‌رمه‌ند دیاری قه‌ره‌داغی...

 ناوی دیاری محه‌مه‌د زاهد عومه‌ر قه‌ره‌داغییه‌ له‌ساڵی 1967 له‌ شاری سلێمانی له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی رۆشنبیریی و هونه‌ریی و ئاینی چاوی به‌ دنیا كراوه‌ته‌وه‌ به‌ دیاریكراوی له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی و خوێندنی سه‌رتایی له‌ قوتابخانه‌ی هیواو پاشان ناوه‌ندی له‌ هه‌مان شار و له‌ ناوه‌ندیی ئازادی كوڕان و پاشان ئاماده‌یی ئه‌زمڕی كوڕانی ته‌واو كرد و ئێستا خاوه‌نی به‌كالوریوسه‌ له‌ كۆلێژی زمان به‌شی كوردی زانكۆی سلێمانی و یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی ده‌رچووی زانكۆی سلێمانی بوو پاش سه‌رله‌ نوێ‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی، خێزانداره‌و خاوه‌نی دوو كوڕه‌ به‌ ناوی (ئه‌له‌ند و ئاریا) و هاوسه‌ره‌كه‌شی
 (تارا موحسین به‌گ)
..

ده‌ستپێكی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند دیاری قه‌ره‌داغی بۆ ساڵانی هه‌شتاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ناشرێته‌وه‌ كه‌ رۆڵی خانه‌وه‌ده‌كه‌ی زۆر كاریگه‌ر بووه‌ بۆ دروستبوونی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ هونه‌رییه‌...

گه‌رچی خاوه‌نی زۆر ئاواز بوو پێش ڕاپه‌رین به‌ڵام سه‌رجه‌م ده‌ركه‌وتنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ راسته‌وخۆ بۆ پاش ڕاپه‌ڕین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌..

له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ته‌لفزیونی گه‌لی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ تیڤییه‌ ناوخۆییه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا، دیاری قه‌ره‌داغی توانی چه‌ند به‌رهه‌مێك تۆمار بكات و له‌و تیڤییانه‌ داببه‌زێن و  ببینرێن، ئه‌مه‌ بووه‌ یه‌كه‌م ناسین و ده‌ركه‌وتنی دیاری قه‌ره‌داغی به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی.. تا ساڵی 1994 كه‌ یه‌كه‌م ئه‌لبومی خۆی به‌ ناوی (سه‌راب) ده‌ركرد و له‌ ساڵی 1996 ئه‌لبومی (عه‌شق لێره‌)ی بڵاو كرده‌وه‌ له‌ هه‌مان ساڵدا و به‌ دیاری كراوی له‌ 1/8/ 1996 یه‌كه‌م كۆنسێرتی خۆی له‌شاره‌ی سلێمانی پێشكه‌ش كرد و بووه‌ سه‌رتای ده‌ركه‌وتنی كۆنسێرته‌كانی تری..

ساڵی 1997 ئه‌لبومی سێهه‌می به‌ ناوی (سه‌ده‌یه‌ك بێ‌ ئارامی) و هه‌مان ساڵ كۆنسێرتێكی بۆ سازكرد..

پاشان له‌ ساڵی 1998 ئه‌لبوم كۆنسێرتی (بێده‌نگی ده‌شكێنم)ی بڵاو كرده‌وه‌..

له‌ ساڵی 2000 سیدی (بۆنی خاك)ی بڵاو كرده‌وه‌..

هه‌مان ساڵ له‌ شاری سلێمانی كۆنسێرتێكی چه‌ند رۆژه‌ی بۆ سیدییه‌كه‌ ساز كرد، له‌ ساڵی 2001 له‌ شاری هه‌ولێریش كۆنسێرتێك بۆ هه‌مان سیدی دروستكرد و سێ‌ رۆژی خایاند..

له‌و ساڵه‌دا به‌ گۆرانی (سه‌رۆكه‌كان) به‌شداری پێشبڕكییه‌كی گۆرانی كرد له‌ كه‌ناڵی كوردسات و به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گۆرانبیژانی كوردستان، توانی خه‌ڵاتی یه‌كه‌م به‌رێت بۆ خۆی..

له‌ سالی 2001 دا له‌ فیستیڤاڵی یه‌كه‌می چوارچرا، گۆرانی (بۆنی خاك) دوو پله‌ی یه‌كه‌می بۆ ئاواز و ئه‌دا برد..

پاش ساڵیك له‌ كه‌ناڵی كوردسات هه‌مان گۆرانی واته‌ بۆنی خاك سێ‌ خه‌ڵاتی یه‌كه‌می برد كه‌ ئه‌وانیش(ئاواز، میوزیك، وتن)

دیاری‌ قه‌ره‌داغی له‌ ساڵی 2003 سیدی (نیشتمانێك له‌ گوڵ)ی بڵاوكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای چوارچرا و ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی دیاریش بووه‌ نۆبه‌ره‌ی ئیشكردن ئه‌م كۆمپانیایه‌..

ساڵی 2007 سیدی (سه‌رده‌مێكی تر)ی بڵاو كرده‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ناوه‌ندی ئارۆ، له‌ هه‌مانساڵدا كۆنسێرتێكی دوو رۆژه‌ی خێرخوازی بۆ تالاسیماكان سازكرد له‌ شاری سلێمانی..

ساڵی 2008 كۆنسێرتێكی له‌ دانیمارك سازكرد به‌ سپۆنسه‌ری كورد تیڤی و له‌ هه‌مان مانگ و ساڵدا له‌ وڵاتی سویدیش كۆنسێرتێكی سازكرد.. پاشان هه‌مان ساڵ له‌ شاری سلێمانی بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ له‌گه‌ڵ گروپی سه‌هه‌ند كۆنسێرتێكیان سازكرد

ساڵی 2009 له‌ وڵاتی ئه‌لمانیاش كۆنسێرتێكی سازكرد..

ساڵی 2012 سیدی (رێی باران) ی بڵاو كرده‌وه‌..

دیاری خاوه‌نی 3 كتێبی تایبه‌تی خۆیه‌تی له‌سه‌ر بواری میوزیك و گۆرانی..

چه‌ندین گۆرانی و میوزیكی بۆ دراماو شانۆو فیلمه‌ كوردییه‌كان داناوه‌..

دیاری قه‌ره‌داغی سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی هارمۆنی بوو،

جێگری سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری شاكار، لێپرسراوی پاشكۆی شه‌به‌نگی ئاسۆ كه‌ رۆژنامه‌ی ئاسۆ ده‌ریده‌كرد..

به‌پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیریی و هونه‌ره‌ له‌ سلێمانی.